FENG Events‎ > ‎

کۆبوونەوەی ڕاگرایەتی فاکەڵتی ئەندازیاری لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی گشت قۆناغ و بەشەکان

posted Nov 28, 2015, 11:27 PM by Faculty of Engineering
ڕاگرى فاكەڵتى ئەندازیارى و یاريدەدەرەى ڕاگر لە ڕۆژى چوارشەممە ڕێكەوتى  2015/11/18 لە كاتژمێر 12:30ى نيوەڕۆ كۆبوونەوەيەکيان ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەرانى خوێندكارانى گشت قۆناغ و بەشەكانى فاكەڵتى ئەندازیارى لە هۆڵىGH1.

سەرەتا ڕاگرى فاكەڵتى ئاماژەى بە گرنگى ڕۆڵى خوێندكاران کرد لە پڕۆسەى خوێندندا چونكە ئەوان ئامانجى سەرەكى و چەقى ئەو پڕۆسەيەن و ڕۆڵێكى گرنگيان هەيە لە پێشكەوتنى زانكۆ و كۆمەڵگە. ڕاگرى فاكەڵتى ڕوونى کردەوە كە دەبێت خوێندكاران شان بەشانى مامۆستایانيان ڕۆڵێكى ئەرێنى گرنگ و ئاكتيڤ بگێڕن بۆ بەرەوپێشچوونى زانكۆ، لەبەر ئەوەى كە ناوى زانكۆ و بڕوانامەكەى هەميشە لەگەڵ خوێندكارەكە دەمێنێتەوە دواى دەرچوونيشى. بۆيە ناوبانگى باشى زانكۆ و بەرزى ئاستى زانستى كاریگەریەكى گرنگى دەبێت لەسەر ژیان و دواڕۆژى خوێندكار و دەبێت بەجۆرێك بێت كە هەر يەكێكمان شانازى پێوەبكەین. هەروەها ڕاگرى فاكەڵتى ڕوونى کردەوە كه قەیرانى ئابوورى لە ئێستادا گشت جومگەكانى ژیانى گرتۆتەوە ئەمەش هەموو لايەكمان لە خوێندكار و مامۆستا و فەرمانبەر دەخاته بەردەم بەرپرسيارێتى زیاتر و پێویست دەكات زیاتر هاوكار و هەماهەنگ بين لەگەڵ يەكتر بۆ تێپەڕاندنى ئەو بارو دۆخه.

لە بارەى گرنگی دان بەڕۆڵى خوێندكاران و سوود وەرگرتن لە بيرۆكەكانيان و گوێگرتن لە كێشە و گيروگرفتەكانيان، ڕاگرى فاكەڵتى ڕوونى کردەوە كە لەمەو دوا نوێنەرى گشتى خوێندكاران ئامادە دەبێت لە كۆبوونەوەكانى ئەنجوومەنى فاكەڵتى لەكاتى پێویستدا و هەروەها نوێنەرى بەشەكانيش ئامادە دەبێت لە كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى بەشەكان و هەروەها خوێندكاران وەکو ئەندام بەشدارى دەكەن لە لیژنەکانی پەیوەست بە خوێندکارانەوە.

پاشان بوار درا بە خوێندكاران بۆ گوێگرتن لە كێشە و بۆچوونەكانيان. سەرەتا كێشەكان پۆلێن کرا بۆ دوو بەش بەشێك تايبەت بە فاكەڵتى و بەشەزانستييەكان و بەشێكى تریش لەسەر ئاستى زانكۆ.

دوای گوێگرتن لە گرفتەکانیان ڕاگری فاکەڵتی وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە و ئەو سەرنج و تێبینیانەی تایبەتن بە فاکەڵتی بە زووترین کات لەلایەن ئەنجومەنی فاکەڵتی و سەرۆکایەتی بەشەکانەوە کاری پێویستیان لەسەر ئەنجام دەدرێت و ئەو بەشانەی تایبەت بوون بە سەرۆکایەتی زانکۆ بە کۆنووسێک بەرزکرایەوە. جەختیش کرایەوە کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەبێت ئەنجامی باشی هەبێت و بەردەوامی پێبدرێت و بەشێوەیەکی دەوری ئەنجام بدرێت.




Comments