FENG Events‎ > ‎

وۆرکشۆپی نێودەوڵەتی ئامادەکاری بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی و بەکارهێنانەوەی بەشە کۆنەکەی شاری کۆیە

posted Oct 12, 2019, 3:30 PM by Faculty of Engineering   [ updated Oct 12, 2019, 3:32 PM ]
پڕۆگرامی ته‌لارسازی و میراتی كلتوری سه‌ربه‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری وۆركشۆپێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجامدا.

ڕێكه‌وتی٧/١٠/٢٠١٩ له‌ فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری زانكۆمان وۆركشۆپێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌چوو له‌سه‌ر ئاماده‌كاری بۆ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی و به‌كارهێنانه‌وه‌ی به‌شه ‌كۆنه‌كه‌ی شاری كۆیه‌.

وۆركشۆپه‌كه‌ كاتژمێر ١٠ به‌ڕێوه‌چوو له‌ هۆڵی وۆركشۆپ له‌ فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی ئیداری كۆیه‌ و به‌رپرسانی شوێنه‌واری كۆیه‌ و هه‌ولێر و په‌رله‌مانتاران و هەروەها خاوەن خانووە کۆنەکان. سه‌ره‌تای وۆركشۆپه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كورد و كوردستان دەستی پێکرد. سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكی لیژنه‌ی ڕێکخستنی وۆركشۆپ پ.ی.د. گه‌لاوێژ باپیر به‌خێرهاتنی میوانه‌ به‌ڕێزه‌كانی كرد و باسی وۆركشۆپه‌كه‌ی كرد به‌ كورتی و دواتر به‌ڕێز پ.ی.د. محمد حسیب زه‌نگه‌نه‌ ڕاگری فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و باسی وۆركشۆپه‌كه‌ و چالاکییەکانی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری زانكۆمانی كرد بۆ ئاماده‌بووان و گرنگی وۆركشۆپه‌كه باس کرد و به‌خێر هاتنی میوانانی کرد.

دواتر به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی كۆیه ‌پ.د. وه‌لی حمد وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و پشتگیری خۆی بۆ سه‌ركه‌وتنی وۆركشۆپه‌كه‌ ده‌ربڕی به‌ پشتگیری كردنی هه‌موو هاوكارییه‌كی وۆركشۆپەکە، دواتر به‌ڕێز مامۆستا یوسف كه‌لكانی قائیمقامی كۆیه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و وتی ئێمه‌ وه‌ك ئیداره‌ی قه‌زای كۆیه‌ خۆشحاڵین به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م وۆركشۆپانه‌ و ئێمه‌ خۆمان به‌ پارێزه‌رێكی شوێنه‌وار ده‌زانین و هه‌موو هاوكارێكی ئه‌م بواره‌ ده‌كه‌ین له‌ پاراستنی شوێنه‌واره‌كان. دواتر به‌ڕێز سه‌ركه‌وت سۆفی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه‌ بابه‌تێكی پێشكه‌شكرد و وتی ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌م وۆركشۆپانه‌ و خۆمان ئه‌ندامێكی ئه‌م جۆره‌ وۆركشۆپانه‌ین و هاوكار ده‌بین.

وۆركشۆپه‌كه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ و به‌ به‌ژداری شاره‌زایان و توێژه‌رانی ناوه‌خۆ و بیانی، له‌م وۆركشۆپه‌دا توێژه‌رانی وڵاته‌كانی ئه‌ڵمانیا و چیك و ئیتاڵیا به‌ژدار بوون. ئه‌م وۆركشۆپه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی كۆنفرانسی زانستی كۆیه‌ له‌ ڕه‌وتی شارستانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ له‌ مانگی نیسانی ٢٠١٩ ئه‌م كۆنفرانسه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

لێپرسراوی پڕۆگرامی ته‌لارسازی و میراتی كه‌لتوری سه‌ربه‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری زانكۆمان به‌ڕێز  پ.ی.د. سحر القیسی بۆمان دوا و وتی: ئامانجمان له‌م وۆركشۆپه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ‌به‌رنامه‌ و كاری نوێمان هه‌یه‌ له‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی فاكه‌ڵتیمان كه‌ به‌ پاراستنی شوێنه‌وار له‌ كوردستان و به‌ تایبه‌ت له‌ كۆیه‌ و دوباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌یان و به‌ به‌شداری شاره‌زایانی مێژوو و مێژووناسانیش و پڕۆژه‌ی پێوانه‌ی شوێنه‌واری كۆیه‌ ASK  و هاوشان فه‌رمانگه‌ی كۆیه‌ش ئه‌ندامن له‌م وۆركشۆپه‌دا و به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌مووان سه‌رژمێری شوێنه‌ شوێنه‌وارییه‌كانمان ئه‌نجام داو له‌ ئێستادا كار له‌سه‌ر خانووه‌ كۆنه‌كانی كۆیه‌ ده‌كه‌ین به‌ ڕێكخستن و به‌كارهێنانه‌وه‌ی خانووه‌ كۆنه‌كان دوای ئه‌م وۆركشۆپه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌ و سیمیناره‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ كه‌له‌پوریانه‌‌، له‌م وۆركشۆپه‌دا توێژه‌رانی سێ وڵات به‌شدارن؛ چیك، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا.

پ.د. چنزیا پاپی به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی پێوانه‌ی شوێنه‌واری كۆیه (ASK) ‌بۆمان دوا و وتی: ئه‌م وۆركشۆپه‌ هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتووانه‌یه‌ له‌ كاری شوێنه‌واری و ئێمه‌ سه‌ره‌تا له‌ چاخه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ و ده‌ستمان پێك كرد وه‌ك تێكهه‌ڵكێشانێك له‌ نێوان چاخه‌ كۆنه‌كان و ئه‌م خانووانه‌ی ئێستا هه‌ن و پێویسته‌ نوێ بكرێنه‌وه‌ و زۆر گرنگه‌، چنزیا پاپی ده‌ڵێت ئه‌م وۆركشۆپه‌ له‌ ئاستێكی به‌رز دایه‌ و ئه‌م توێژینه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌م وۆركشۆپه‌ پێشكه‌شكران وه‌ك ئه‌م توێژینه‌وانه‌ن كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كانی به‌رلین و نیۆڕك پێشكه‌ش ده‌كرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. چنزیا پاپی ده‌ڵێت من لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی كۆیه‌ و فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری و به‌شی ته‌لارسازی بكه‌م بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م وۆركشۆپه‌ و هه‌وڵ بده‌ین شوێنه‌ شوێنه‌واره‌كان نوێ بكه‌ینه‌وه‌ و به‌كاریان بهێنینه‌وه‌. هەروەها ده‌ڵێت پێویسته‌ خه‌ڵی كوردستان شانازی بكه‌ن به‌و مێژووه‌ و شوێنه‌وارانه‌ی هه‌یه‌ و ئێمه‌ وه‌ك توێژه‌ران و شاره‌زایان له‌ به‌شێكی كه‌می ئه‌م مێژووه‌ ده‌زانین و شاره‌زاین.

به‌ڕێز هێمن نه‌عمان لێپرسراوی پشكنین و شوێنه‌واره‌كان له‌ فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كۆیه‌ و به‌شدار بوو له‌ وۆركشۆپه‌كه‌ وه‌ك توێژه‌ر بۆمان دوا و وتی: ئه‌م وۆركشۆپه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجامدرا له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی كۆنفرانسی كۆیه‌ له‌ ڕه‌وتی شارستانییه‌تدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ له‌م كۆنفرانسه‌دا داواكرا كه‌ گرنگی زیاتر بدرێت به‌ شوێنه‌واره‌كانی كۆیه‌ و ده‌ورووبه‌ری بینا كۆن و كه‌له‌پورییه‌كان. هێمن نه‌عمان ده‌ڵێت له‌م وۆركشۆپه‌دا زیاتر گرنگی دراوه‌ به‌ خانووه‌ كۆنه‌كان و نوێكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانه‌وه‌یان ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا زۆرێك له‌م خانووه‌ كۆن و كه‌له‌پورییانه‌ له‌ ترسی له‌ ناوچووندان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌كی زۆره‌ بوجه‌یان بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌ و یان چۆڵ كراون له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌. ئه‌مڕۆ لایەنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وەی تێدا به‌شداربوو له‌ توێژه‌رانی ناوه‌خۆ و بیانی  بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ و گرفته‌كانی شوێنه‌واری كۆیه‌ دیاری بكرێن و بۆ ئاگاداركردنی زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ له‌ بوونی مه‌ترسی له‌ ناوچوونی شوێنه‌واره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ هاوكاری زانكۆی كۆیه‌ و ئه‌م زانكۆیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كێشه‌ ماددی و زانستییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.