FENG Events‎ > ‎

ئامێرێکی ھەناسەدانی دەستکرد لەلایەن دەرچوویەکی زانکۆی کۆیە دروستکرا

posted Apr 14, 2020, 1:16 AM by Faculty of Engineering   [ updated Apr 14, 2020, 1:47 AM ]
شڤان حکیم، دەرچووی بەشی ئەندازیاری دروستکردن و پیشەسازی لە زانکۆی کۆیە و ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە بەشی مێکاترۆنیک لە وڵاتی پۆرتوگال، ئامێرێکی ھەناسەدانی دەستکرد (Ventilator) دروست کردووە کە دەتوانێت بە شێوەی خودکار کار بکات. ئەم ئامێرە وا دروست کراوە لەگەڵ ھەناسەدانی مرۆڤ بگونجێت بۆ ھەموو تەمەنەکان. تێچووی ئەم ئامێرە تەنها ٦٠ ھەزار دیناری عێراقییە و تەواوی پارچەکانی لە کوردستان بەردەستە و دەتوانرێت ژمارەیەکی زۆری لێ بەرھەم بهێنرێت لە کەمترین ماوە. هەروەها دەتوانرێت گەشەی پێبدرێت بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر. ئەم ئامێرە تێست کراوە و دەکرێت لە حاڵەتی پێویستدا بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کاربهێنرێت. جێی باسە ئەم خوێندکارە پسپۆرییەکەی لەو ئامێرانەیە و پێشتر ئامێری زۆر وردتر و ئاڵۆزتری دروست کردووە وەک ئامێری ھێڵکاری دڵ و ئامێری پێوانەی لێدانی دڵ، یەکێك بووە لە دەرچووە سەرکەوتووەکانی بەشی ئەندازیاری دروستکردن و پیشەسازی. ناوبراو ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بە هاوکاری تیمێک لە فاکەڵتی ئەندازیاری ئەگەر پێویست بکات ژمارەیەک لەم ئامێرە بەرهەم بهێنن.