FENG Events‎ > ‎

وەفدێكى زانكۆى فيردەوسى وڵاتى ئێران سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد

posted Nov 20, 2016, 11:24 AM by Faculty of Engineering
بۆ دروستكردنى پەيوەندى و هەماهەنگى لە ئاييندەدا، وەفدێكى زانكۆى فيردەوسى وڵاتى ئێران سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد. ڕۆژى چوارشەممە ٣١ى ئابى ٢٠١٦ وەفدەكەى زانكۆى فيردەوسى گەيشتنە زانكۆى كۆيە، ڕاستەوخۆ سەردانى فاكەڵتى ئەندازياريان كرد و لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.محەمەد حەسيب زەنگەنە و ستافێكى فاكەڵتيەكەوە پێشوازى كران، لەو ديدارەدا كە بەڕێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا ئامادەى بوو، هەردوو زانكۆ توانا و كارامەييەكانيان بۆ يەك خستەڕوو، وێڕاى پێشاندانى ئامادەيى بۆ هەماهەنگى و پەرەپێدانى پەيوەنديیەكان لە داهاتوودا. پ.ی.د.محەمەد حەسيب زەنگەنە ڕاگرى فاكەڵتى ئەندازيارى باسى فاكەڵتيەكەيانى كرد لە پەيكەرى فاكەڵتيەكانى زانكۆى كۆيە و تواناكانى، هاوكات بە وردى پێكهاتەى فاكەڵتيەكەى بۆ ئامادەبووان ڕونكردەوە. لەو دانيشتنەدا هەردوولا ڕوانگەيان دەربارەى چۆنيەتى پەرەپێدانى پەيوەنديەكانيان خستە ڕوو.

دواى چاوپێكەوتنەكە وەفدەكە تاقيگەكانى فاكەڵتيەكە و تواناكانيان بينى . پاشان بەڕێز ئاغاى هاشميان سەرۆكى وەفدەكە وتى "زۆر سوپاس بۆ قبوڵكردنى ئەم ديدارە، سەرۆكى زانكۆمان سڵاوى هەبوو بۆتان، خۆشحاڵە بە بوونى پەيوەندى لە نێوانمان " پاشان بەرێز باسى لە زانكۆى فيردەوسى كرد كە تەمەنى نزيكەى ٧٠ ساڵە و ١٣ كۆلێژى هەيە، زانكۆكە لە توانايدايە ٢٠٠ پسپۆڕى ببەخشێت. "ئێمە ياداشتنامەى لێكگەيشتنمان لەگەڵ زۆر زانكۆى جيهانيدا هەيە، بەڵام حەز دەكەين لەگەڵ زانكۆى كۆيەش ئەو پەيوەنديەمان هەبێت و بەخۆشحاڵيەوە ئامادەين بۆ ئەوە" دواتر وەفدەکە بەیاوەری بەڕێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا سەردانی سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و سەرۆکایەتی زانکۆیان کرد و لە لایەن بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و جێگرانى سەرۆكى زانكۆ پێشوازيكران.


Comments